د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگهری کوردستان و وەفدی هاوڕێی.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکارییە گشتییەکانی وڵات لەسەرجەم ئاستەکان و پێویستیی کاری هاوبەش بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و کارکردن بۆ دابینکردنی پێداویستی و خواستەکانی هاوڵاتیان و پێشخستنی خزمەتگوزارییەکان کرا.
سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگیی بەردەوامیدان بە گفتوگۆ لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ تاوتوێکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و کارکردن بۆ چارەسەرکردنیان بەپێی دەستور و یاسا و بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیی سەرجەم هاووڵاتیان دابین بکات.
د.لەتیف رەشید ئاماژەی بە گرنگیی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران لە وڵاتدا کردو وتیشی، پێویستە بەرزترین ئاستی پاکوخاوێنی و شەفافیەت دابین بکرێت بۆ بەهێزکردنی متمانەی دەنگدەران و دڵنیابوون لە بەشدارییەکی بەرفراوانیان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانیان بە دوور لە هەر فشارێک، جەختیشی لەوە کردەوە، کە سەرۆکایەتیی کۆمار بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتییەکان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، رێکارەکانی لەمبارەیەوە گرتووەتەبەر.
لای خۆیەوە عەلی باپیر، پشتگیریی خۆی بۆ پێشنیارەکانی سەرۆک کۆمار دەربڕی سەبارەت بە پێویستیی کاری هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان.