پنتاگۆن ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانی تا دوو ساڵ بردە دواوە.
ئەمریکا بڕیاری ئێران بۆ راگرتنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بە "قبووڵنەکراو" وەسفدەکات، ئەمەش دوای شەڕی ئەم دواییەی تاران و ئیسرائیل.
تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئێمە وشەی 'قبووڵنەکراو' بەکاردەهێنین بۆ وەسفکردنی هەڵبژاردنی ئێران بۆ راگرتنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی لە کاتێکدا کە دەرفەتی گۆڕینی رێڕەو و هەڵبژاردنی ڕێگای ئاشتی و خۆشگوزەرانی هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ئێران بە تەواوی و بەبێ دواکەوتن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەستبکاتەوە بە کارکردن.
میدیا ناوخۆییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە فەرمانێکی دەرکرد و هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی راگرت.
شارەوانی تاران رایگەیاند زیانەكانی هێرشەكانی ئیسرائیل زۆرن و لانیكەم دوو ساڵ پێویستە بۆ دروستكردنەوەی ئەو بینا و باڵاخانانەی كە كراونەتە ئامانج.
عەلی رەزا زاكانی، سەرۆكی شارەوانیی تاران لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند 18 بۆ 24 مانگ كات پێویستە بۆ سەر لەنوێ دروستكردنەوەی ئەو بینا و شوێنانەی كە بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر پایتەخت روخاون.
وتیشی: پێشنیار كراوە كە هەر كەسێك لە تاران زیان بە خانوەكەی گەیشتوە بڕی هەشت ملیۆن تمەن كە دەكاتە نزیكەی 100 دۆلار بۆ هەر مەترێك تەرخان بكرێت.
زاكانی ئاماژەی بەوە كردوە، كە زیاتر لە 200 خێزان شوێنی نیشتەجێبونیان لەدەستداوە و شوێنی نیشتەجێبونی كاتیش بۆ 200 خێزانی تر دابین ئامادەكراوە.
بە پێی ئامارەكان لە هێرشەكانی ئیسرائیل سێ هەزار و 600 یەكەی نیشتەجێبون زیانیان پێگەیشتوە و 332 باڵاخانەش بە تەواوەتی روخاون.
وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، هەرگیز لەرێی هێرش و بۆردومانەوە پیتاندنی یۆرانیۆم كۆتایی نایەت.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی سی بی ئێس رایگەیاند، ئێران ئەو زیانانە قەرەبوو دەكاتەوە كە بەهۆی بۆردومانەكانی ئیسرائیل و ئەمریكاوە بەریكەوتووە، وتیشی، ناكرێت لە رێی بۆردومانەوە تەكنەلۆژیا و زانستی پیتاندنی یۆرانیۆم لەناوببرێت.
عراقچی ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ ئەوەی گومانی هەیە بەمنزیكانە دانوستان لەگەڵ ئەمریكا دەستپێبكاتەوە، بەڵام هەرگیز دەرگای دیپلۆماسیەت داناخەن.
پێشتریش عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران رایگەیاندبوو، چاوەڕوانكردنی خۆبەدەستەوەدانی ئێران كارێكی بێبەهایە و مایەی گاڵتەجاڕییە، وتیشی، ئەمریكا لە هێرشەكانیدا بۆسەر ئێران هیچ دەستكەوتێكی نەبووە و لە بەرامبەریشدا ئێران گورزێكی توندی لە ئەمریكا وەشاند.
ئێران ئەمڕۆ شەممە پرسەیەکی مێژووی بۆ 60 فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمی وڵاتەکەی بەڕێوەدەبات کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئەو دوو وڵاتە دا کوژراون.
ئەم مەراسیمە لە چوارەمین رۆژی ئاگربەستدا دێت، لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ لە لێدوانێکیدا بە هەڕەشەوە رایگەیاند، ئەگەر دەستبکاتەوە بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی رەنگە بیر لە هێرشکردنەوە سەری بکەمەوە.
مەراسیمەکە سەعات 8:00ـی بەیانی بە کاتی ناوخۆیی تاران لە مەیدانی ئینقلاب لە ناوەڕاستی تاران دەستپێدەکات و دواتر کاروانی تەرمەکان بەرەو مەیدانی ئازادی بەڕێدەکەوێت، کە نزیکەی 11 کیلۆمەتر دوورە و بە درێژایی ئەو رێگەیە هاووڵاتیان پێشوازی لە تەرمی ئەو زانا و فەرماندە کوژراوانە دەکەن.
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لەزاری سێ بەرپرسی باڵای ئەمریکاوە ئەوەی ئاشکرا کردووە، ئیسرائیل شوێنی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی ئێران دەزانێت کە لە ژێر زەویدا شاردوویەتییەوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەکە، ئەو سێ بەرپرسە باڵایە ئاگاداری راپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکان و ئەوەیان بە ئەکسیۆس وتووە، ئێران یۆرانیۆمە پێتێنراوەکانی لە تونێلەکانی ژێر بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ و ئەسفەهان شاردووەتەوە بۆئەوەی لە هەر هێرشێکی دەرەکی بیانپارێزێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو یۆرانیۆمانە لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دابڕێنراون لە کارەکانی دەرەوە، بۆیە ئاسان نابێت بۆ ئێران کە بتوانێت بە ئاسانی یۆرانیۆمەکان بهێنێتە دەرەوە و بەکاری بهێنێت بۆ هەر مەبەستێک.
ماڵپەڕەکە ئەوەشی خستووەتە روو، بەرپرسانی ئیسرائیل بە شوێنی یۆرانیۆمەکە دەزانن، هۆشداریشیان داوە لەوە هەر جوڵەیەک بە یۆرانیۆمەکە بکرێت ئەوان لێی ئاگادار دەبن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە 13ی ئەم مانگەوە و بە بیانووی بەرنامە ئەتۆمییەکەی؛ هێرشی ئسرائیل بۆسەر ئێران دەستی پێ کرد، شەڕەکە 12 رۆژی خایاند و لە کۆتایی شەڕەکەدا ئەمریکا بەشداری کرد و لەرێگەی فڕۆکەی B-2وەوە هەرسێ بنکەی ئەتۆمیی ناتانز و ئەسفەهان و فۆردۆی بۆردومان کرد و ئاماژەی بەوەکرد، بە تەواوی کاری بنکەکانیان پەکخستووە و ئێران ناتوانێت بگەڕێتەوە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا لە تێکشکاندنی بنکە ئەتۆمییەکان شکستی هێناوە. دەشڵێت: زللـەیەکی بەهێزمان لە ئەمریکا دا.
عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و باسی لەوەکرد، ئەمریکا لە تێکشکاندنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران شکستی هێنا و هیچ دەستکەوتێکی لەو شەڕەدا بەدەست نەهێنا.
باسی لەوەشکرد، ئیسرائیل نزیکبوو لە داڕمان و لەناوچوون، ئەمریکا دەیزانی ئەگەر بەشداری شەڕەکەی نەکردایە ئیسرائیل لەناودەچوو.
ئەوەشی خستووەتە روو، پیرۆزبایی سەرکەوتنی شەڕەکە لە ئێرانییەکان دەکات و دەشڵێت: بەسەر ئەمریکادا سەرکەوتین و ئێران زللـەیەکی بەهێزی لە دەموچاوی ئەریکا دا.
دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل"مۆساد" رایگەیاند، بەردەوام چاودێری پڕۆژە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن و لە ئێستاشدا هەڕەشە ئەتۆمییەکانی کەمبوەتەوە.
دەیڤد بارنیع سەرۆکی مۆساد رایگەیاند: بە وردی چاودێری پڕۆژە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن بۆ رێگریکردن لە هەڕەشەکانی داهاتوو.
وتیشی، لەئێستادا هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران کەمبوەتەوە و لە ئۆپراسیۆنی 12 رۆژەدا هەڕەشەکانی تاران کە دەیان ساڵە مەترسییە بۆسەر ئاسایشی ئێمە بە پشتیوانی ئەمریکا پوچەڵكردوەتەوە.
سەرۆکی مۆساد ئاماژەی بەوەشکرد، لە رێگەی هەواڵگریی ورد و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووەوە هاوکاری سوپای وڵاتەکەمان کرد بۆ لێدان لە پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران و کەمکردنەوەی هەڕەشەی موشەکی.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، بەپێی هەڵسەنگاندنەکەمان زیانێکی زۆر بە پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران کەوتووە و مەترسی نەماوە.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تەواوی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان لەناوبردووە و بە دووری دەزانن ئەو وڵاتە بتوانێت بگەڕێتەوە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، دەشڵێت، موشەکە بالیستییەکانی ئێران بەهێز بوون و ئیسرائیل زیانێکی زۆری پێگەیشت.
سەرۆکی ئەمریکا و ئەمینداری گشتیی ناتۆ لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی ئێران و ئیسرائیل و ناتۆوە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "سەرجەم دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانمان لەناو برد و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین لە قەبارەی زیانەکان".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو موشەکە بالیستییانەی ئێران بۆ ئیسرائیلی هەڵدا زۆر بەهێز بوون، ئیسرائیل لە شەڕەکەدا زیانێکی زۆری پێگەیشت.
وتیشی، "ئیسرائیل نەیدەتوانی بگاتە ئەو ناوچانەی ئێران، ئەگەر ئێرانمان بۆردومان نەکردایە قبوڵی نەدەکرد بێتەوە سەر مێزی دانوستان".
باسی لەوەشکردووە، "ئەگەر ئێران بچێتەوە سەر بەنامە ئەتۆمییەکەی جارێکی دیکە بۆردومانی دەکەینەوە، بەهۆی ئەوەی بەسەر بنکەکانیدا هاتووە، باوەڕ ناکەم ئێران بگەرێتەوە سەر ئەو رێژەیەی پیتاندنی یۆرانیۆم".
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی 13ی ئەم مانگەوە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستی پێکرد و ماوەی 12 رۆژی تەواو بە موشەک و فڕۆکەی جەنگیی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەردوولا بۆردومانی یەکیتریان کرد، تاوەکو لە 22ی ئەم مانگەدا و دوای بەشداری ئەمریکا لە شەڕەکەدا، لە رێگەی فڕۆکەی B-2 سەرجەم بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆردومان کرد و دواتر ئاگربەستی نێوان ئەو دوو وڵاتەی راگەیاند.
رۆژی شەممە رێورەسمی باخاكسپاردنی فەرماندە و زانا ئەتۆمییەكانی ئێران لە تاران بەرێوەدەچێت كە لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژران پێنج شەممەش فەرماندەی سوپای پاسداران لە ئەسفەهان بەخاكدەسپێردرێـت.
ئاژانسی هەواڵی ئێرنای ئێرانی بڵاویكردوەتەوە، رۆژی پێنج شەممە رێورەسمی بەخاكسپاردنی حسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران لە ئەسفەهان بەرێوەدەچێت .
رۆژی شەممەش رێورەسمێكی تری رەسمی لە تاران رێك دەخریت بۆ بەخاكسپاردنی ئەو فەرماندە سەربازیی و زانا ئەتۆمییانەی كە لە جەنگی 12رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژران و رێورەسمەكە لە سەعات 8 ی بەیانیەوە دەستپێدەكات.
سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، ئێران و ئیسرائیل پێشێلكارییان كردووە و پابەندی ئاگربەست نەبوون و داواشیان لێدەكات، رەوشەكە هێور بكەنەوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، دڵخۆش نییە بە هەوڵەكانی ئیسرائیل كە خۆی ئامادە دەكات بۆ بۆردومانكردنی ئێران و داواشی لێكردووە لە بۆردمانكردنی ئێران بووەستێت.
جەختیشیكردەوە، ئیسرائیل و ئێران پابەندی ئاگربەست نەبوون و پێشێلكارییان كردووە.
دەشڵێت، بنكە ئەتۆمییەكانی ئێران بە تەواوی لەناوبراون و هەرگیز ئەو وڵاتە ناتوانێت بەرنامە ئەتۆمییەكەی بنیاتبنێتەوە و لەمەودوا رەوشێكی نوێ روو لە ناوچەكە دەكات.
ترەمپ وتیشی، ئێران و ئیسرائیل ماوەیەكی زۆرە لە شەڕدان و گەیشتووەتە ئاستێك ئامانجەكانیان روون نییە و نازانن چی دەكەن.
کەمێک بەر لە ئێستاش دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروز" رووی دەمی کردووەتە ئیسرائیل و دەڵێت: ئەو بۆمبانە هەڵمەدە، ئەگەر بیکەیت پێشێلکارییەکی گەورەیە.
دەشڵێت: هەر ئێستا فڕۆکەوانەکانت بنێرەرەوە بۆ ماڵەوە.
ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، دوژمانمان ناچار کرد دان بە شکستدا بنێت و تاکلایەنە شەڕ رابگرێت.
ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران راگەیەنراوێکی لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و ئێران بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، بە خۆڕاگری و رووبەڕووبوونەوە ئیسرائیلیان ناچار کردووە تاکلایەنە بڕیاری راگرتنی شەڕ بدات.
دەشڵێت، "دوژمنمان ناچار کرد دان بە شکستدا بنێت".
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "هێزەکانی ئێران متمانە بە دوژمن ناکەن و دەست لەسەر خەنجەر ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی نوێ ئەگەر لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام بدرێت".
ئێران هێرشکردنە سەر ئیسرائیل رەتدەکاتەوە و میدیای رەسمی ئێران ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی ئاگربەست چووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمڕۆ هیچ موشەکێک لە ئێرانەوە ئاراستەی ئیسرائیل نەکراوە.
میدیای رەسمی ئێران لە زاری سەرۆکی ئەرکانی سوپاوە رایگەیاندووە، لە میدیاکانەوە باس لەوەکرا گوایە ئێران موشەکی بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵداوە، بەڵام ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە و ئێران هیچ هێرشێکی لەدوای ئاگربەستەوە ئەنجام نەداوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران چووە بواری جێبەجێکردنەوە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دوو موشەکیان لە ئاسمانی ئیسرائیل خستووەتە خوارەوە کە لە ئێرانەوە ئاراستەیان کراوە.
دوابەدوای ئەوەش یسرائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، بە توندترین شێوە وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە و ناوەندی تاران دەکەنە ئامانج.
دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران؛ نرخی هەریەک لە نەوت و زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین بە جۆرێک نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت 5٪ی دابەزی.
دوای 12 رۆژ لە شەڕی بەردەوام لە نێوان ئیسرائیل و ئێران و گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکان، نرخی نەوت و زێڕ بەرز ببووەوە، بە جۆرێک نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتبووە 79 دۆلار، بەڵام ئێستا نرخەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بەرانبەرە بە 67 دۆلار و 91 سەنت.
هاوکات، یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکیش بە 65 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لەبارەی نرخی زێڕیش بەهەمان شێوە نرخەکەی دابەزینی بەخۆوە بینیوە و ئەمڕۆ سێشەممە، یەک ئۆنسە زێڕ بەرانبەرە بە سێ هەزار و 323 دۆلار.
هەروەها، نرخی یەک کیلۆگرام زێڕ بەرانبەرە بە 106 هەزار و 849 دۆلار، نرخی یەک گرامیش بە 106 دۆلار و 84 سەنتە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی 16ی ئەم مانگەدا و دوای تێپەڕینی چوار رۆژ بەسەر شەڕەکەدا، نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی دوو مانگی رابردووی و یەک ئۆنسە بە سێ هەزار و 413 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە کرا.
وەزارەتی گواستنەوەی عیراق رایگەیاند، ئاسمانی باشوور عیراق بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا کرایەوە.
وەزارەتی گواستنەوەی عیراق رایگەیاند، گەشتەکان لە بەشی باشووری وڵاتەکە ئاسایی بوونەتەوە و بەم زووانە تەواوی ئاسمانی عیراق بە رووی گەشتەکاندا دەکرێتەوە.
دوای 12 رۆژ لە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران و تێپەڕینی موشەکەکانی ئەو دوو وڵاتە بە ئاسمانی عیراقدا، جگە لە ئیسرایل و ئێران ئاسمانی عیراقیش بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخرا.
شەوی رابردوو 23ی حوزەیران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی نێوان ئەو دوو وڵاتەی راگەیاند و لەمڕۆشەوە ئاگربەستەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە رایگەیاندووە، رێککەوتنەکەی ئەمڕۆ بەبێ توانا و بوێری فڕۆکەوانەکانی فڕۆکەی B-2 نەدەکرا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوای راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا رایگەیاندووە، لەمڕۆ سێشەممەوە ئاگەربەستەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و داواش دەکات هەردوولا پابەند بن پێوەی.
لەو بارەیەوە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'تروز' رایگەیاندووە، رێککەوتنەکەی ئەمڕۆ بەبێ توانا و بوێری فڕۆکەوانەکانی فڕۆکەی B-2 نەدەکرا.
دەشڵێت، ئەو "لێدانە تەواوەی" کە لە ئێوارەیەکی درەنگدا ئەنجام درا، هەمووانی بەیەکەوە کۆکردەوە و رێککەوتنەکەش ئەنجام درا.
دوای 12 رۆژ لە شەڕی بەردەوامی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و بەردەوامی لە پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی بەرز، هەروەها دوای دەستوەردانی ئەمریکا لە شەڕەکە و بۆردومانکردن و لەناوبردنی هەرسێ بنکەی ئەتۆمی ناتانز و فۆردۆ و ئەسفەهان لە رێگەی فڕۆکەی B-2، شەوی رابردوو ئەمریکا ئاگربەستی نێوانیانی راگەیاند.