زنجیرەیەک توێژینەوەی نوێ ئاشکرایان کردووە، خواردنی ئەو خۆراکانەی کە بە "فائقة المعالجة" یان "زۆر دەستکاریکراو" ناسراون و دەوڵەمەندن بە شەکر، خوێ، چەوری و تامە دەستکردەکان، راستەوخۆ پەیوەندییان بە زیادبوونی مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ، تێکچوونی دەرونی، شێرپەنجە، خەڵەفان و شەکرەوە هەیە.

ماڵپەڕی "ڤێری وێڵ هێڵس"ی تایبەت بە هەواڵە تەندروستییەکان، ئەنجامی چەندین توێژینەوەی بڵاوکردەوە کە مەترسییەکانی بەکارهێنانی بەردەوامی ئەم بەرهەمە پیشەسازییانەی دەرخستووە، کە بڕێکی زۆر کەم مادەی خۆراکیی سروشتی و ڤیتامین و کانزایان تێدایە.

ئەنجامە مەترسیدارەکان بە ژمارە:

  • دڵ و خوێنبەرەکان: توێژینەوەیەک کە چاودێریی 105 هەزار کەسی پێگەیشتووی کردووە بۆ ماوەی 5 ساڵ، دەرکەوتووە زیادبوونی خواردنی ئەم بەرهەمانە، پەیوەندیی راستەوخۆی بە زیادبوونی مەترسیی جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشکەوە هەیە.

  • شێرپەنجە: یەکێک لە توێژینەوەکان دەڵێت: زیادکردنی خواردنی بەرهەمە دەستکاریکراوەکان بە رێژەی 10%، دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسیی توشبوون بە شێرپەنجە بەگشتی و شێرپەنجەی مەمک بەتایبەتی، بە رێژەی زیاتر لە 10%.

  • خەڵەفان و بیرچوونەوە: لە توێژینەوەیەکدا لەسەر 70 هەزار کەس کە تەمەنیان لە سەرووی 55 ساڵەوە بووە، دەرکەوتووە زیادکردنی خواردنی دەستکاریکراو بە رێژەی 10%، مەترسیی توشبوون بە خەڵەفان بە رێژەی 25% و ئەلزەهایمەر بە رێژەی 14% زیاد دەکات.

  • تەندروستیی دەرونی: پێداچوونەوە زانستییەکان دەریانخستووە، زۆر خواردنی ئەم بەرهەمانە مەترسیی توشبوون بە تێکچوونە دەرونییەکان زیاد دەکات و پەیوەندیی بە بەرزبوونەوەی رێژەی مردنەوە هەیە.

کامانەن خواردنە زۆر دەستکاریکراوەکان؟

بەپێی راپۆرتەکە، باوترین ئەو خواردنانەی مەترسییان هەیە بریتین لە: (پارچە مریشکی ئامادەکراو "نەگێتس"، مریشکی سوورکراوە، هۆت دۆگ، خواردنەوە لەقوتونراوەکان، چپس، خواردنەوە گازییەکان، بسکیت، پسکیتی بە پەنیر و خواردنەوە وزەبەخشەکان).