توێژینەوەیەک مەترسییەکی نوێی کاتی خەوتن ئاشکرا دەکات
راهۆز
٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە، بەرکەوتنی تیشک لە کاتی خەوتندا، پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی مەترسیی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە هەیە.
توێژینەوەکە، کە لەلایەن توێژەرانی نەخۆشخانەی "ماساشوستس" لە بۆستنی ئەمریکاوە ئەنجامدراوە، روونیکردووەتەوە کە هەڵکردنی گڵۆپ لە کاتی خەوتندا دەبێتە هۆی ماندووبوونی مێشک و هەوکردنی خوێنبەرەکان، کە رەنگە ببێتە هۆی جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشک.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، تاوەکو ئاستی بەرکەوتنی تیشکی دەستکرد لە شەودا زیاتر بێت، مەترسیی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵیش لە داهاتوودا زیاتر دەبێت. بۆ نموونە، هەر کاتێک رێژەی تیشک بە بڕی یەک لادانی پێوانەیی زیاد بکات، ئەگەری توشبوون بە جەڵتەی دڵ لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا بە رێژەی 35% و لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بە رێژەی 22% زیاد دەکات.
دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر توێژینەوەکەدا، دەرکەوتووە کە 17%ی بەشداربووان تووشی کێشەی گەورەی دڵ و خوێنبەرەکان بوون.
خەوتن لە تاریکیدا باشترینە:
جۆناسان سیدرناس، پسپۆڕی بواری خەو لە زانکۆی ئۆپسالای سوید، رایگەیاندووە، ئەم توێژینەوەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە خەوتن لە تاریکیدا باشترینە بۆ تەندروستی. ناوبراو دووپاتیکردەوە، لێکۆڵینەوەکان لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ سەلماندوویانە کە تیشکی شەوانە سیستەمی فیزیۆلۆجی و دەماری تێکدەدات و کاریگەری لەسەر کرداری زیندەپاڵ و هەوکردن هەیە.
ماڵپەڕی "هێدلاین" ئامۆژگاری دەدات کە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خەو، پێش خەوتن پەنجەرەی ژوورەکان دابپۆشرێن، هەموو کون و کەلێنەکان بگیرێن و ماسکی خەو بەکاربهێنرێت.
وردەکاریی توێژینەوەکە
توێژینەوەکە لەسەر 466 هەزار کەسی پێگەیشتوو ئەنجامدراوە کە پێشتر تووشی نەخۆشییەکانی دڵ یان شێرپەنجە نەبوون و لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2008 پشکنینی مێشکیان بۆ کراوە. توێژەران پشتیان بە داتای مانگە دەستکردەکان بەستووە بۆ پێوانەکردنی ئاستی تیشک لە ماڵی بەشداربوواندا.
ئەم توێژینەوەیە لە دانیشتنەکانی کۆمەڵەی دڵی ئەمریکا بۆ ساڵی 2025 خراوەتەڕوو، بەڵام تا ئێستا لە هیچ گۆڤارێکی زانستییدا بڵاونەکراوەتەوە.



