توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ کە بۆ ماوەی 22 ساڵ بەردەوام بووە، پەیوەندییەکی راستەوخۆی لەنێوان دواخستنی ژەمی بەیانیان و تێکچوونی تەندروستی و زیادبوونی مەترسیی مردنی پێشوەختەدا دۆزیوەتەوە، بەتایبەتی لەنێو کەسانی بەساڵاچوودا.

بەپێی ئەو ئەنجامانەی کە گۆڤاری "BBC Science Focus" بڵاویکردووەتەوە، ئەو کەسانەی کە بەردەوام ژەمی بەیانیانیان دواخستووە، تێکڕای تەمەنیان 10 ساڵ کەمتر بووە بە بەراورد بەو کەسانەی کە لە کاتی خۆیدا نانی بەیانیان خواردووە.

توێژەران لە ماوەی بەدواداچوونە دوورودرێژەکەیاندا تێبینیی ئەوەیان کردووە کە بە تێپەڕبوونی کات، بەشداربووان زیاتر ژەمی بەیانیان و ئێوارانیان دواخستووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئەو ماوەیەی کە بۆ نانخواردن لە رۆژێکدا بەردەستە.

توێژینەوەکە دەریخستووە کە خواردنی نانی بەیانی لە کاتێکی درەنگدا (بەتایبەت لە کاتژمێر 9ی بەیانی یان دواتر) لەوانەیە پەیوەندی بە چەندین کێشەی تەندروستییەوە هەبێت، وەک:

  • خەمۆکی

  • ماندوێتیی بەردەوام

  • تەندروستیی خراپی دەم و ددان

دکتۆر حەسەن داهتی، یەکێک لە توێژەرەکان، دەڵێت: "گۆڕانکاری لە سیستمی خۆراکیی کەسانی بەساڵاچوودا، بەتایبەتی کاتی نانی بەیانی، دەتوانێت وەک نیشانەیەکی ئاسان بۆ بەدواداچوونی تەندروستیی گشتییان بەکاربهێنرێت."

توێژەران ئاماژە بەوەش دەکەن کە زیادبوونی دیاردەی "رۆژووی پچڕپچڕ"، کە تێیدا خەڵک بە ئەنقەست ماوەی نێوان ژەمەکان درێژ دەکەنەوە و نانی بەیانی دوادەخەن، رەنگە کاریگەریی لەسەر ئەم دەرئەنجامانە هەبووبێت.