زۆربەی شۆفێران پێیان وایە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بە خێراییەکی زیاتر لەوەی لە شەقامەکاندا دیاریکراوە، کاتێکی زۆریان بۆ دەگەڕێنێتەوە، بەڵام شیکارییەکان دەریدەخەن کە ئەو کاتەی بۆ شۆفێران دەگەڕێتەوە زۆر کەمترە لەو مەترسییە گیانی و ماڵیەی کە لە بەردەمیاندایە. 

بڕی ئەو کاتەی کە بەهۆی خێرالێخوڕینەوە بۆ شۆفێران دەگەڕێتەوە، پشت بە سێ هۆکاری سەرەکی دەبەستێت: درێژیی گەشتەکە، جیاوازیی خێرایی، و بەربەستەکانی وەک ترافیک لایت، قەرەباڵغی، و یاساکانی هاتوچۆ.

لەسەر بنەمای یاسا فیزیاییەکان، کات بریتییە لە دابەشکردنی ماوە بەسەر خێراییدا. بۆ نموونە:

  • گەشتێکی 10 کیلۆمەتری: ئەگەر بە خێرایی 50 کم/سەعات بیبڕیت، 12 خولەکی پێویستە. بەڵام ئەگەر خێراییەکەت بۆ 60 کم/سەعات زیاد بکەیت، 10 خولەکی پێویستە. واتە لەم گەشتەدا تەنها دوو خولەک دەگەڕێتەوە بۆ شۆفێرەکە.
  • گەشتە کورتەکانی ناو شار: لە گەشتە کورتەکانی ناو شاردا کە چەند کیلۆمەترێکن و ترافیک لایتی زۆریان تێدایە، زیادکردنی خێرایی لە نێوان ترافیکەکاندا تەنها 20 بۆ 90 چرکە کات دەگەڕێنێتەوە، کە بڕێکی ئەوتۆ نییە هەستی پێبکرێت و هیچ بگۆڕێت.

لەسەر رێگا خێراکان و لە گەشتە درێژەکاندا کاریگەرییەکەی زیاترە، بەڵام هێشتا سنووردارە. بۆ نموونە:

  • گەشتێکی 100 کیلۆمەتری: زیادکردنی تێکڕای خێرایی لە 90 کم/سەعاتەوە بۆ 110کم/سەعاتێک، کاتی گەشتەکە لە سەعاتێک و 7 خولەکەوە بۆ 54 خولەک کەمدەکاتەوە، واتە نزیکەی 13 خولەک پاشەکەوت دەکرێت. هەرچەندە ئەمە سوودی هەیە، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغی و بەربەستەکانی دیکەوە، دەگمەنە شۆفێرێک بتوانێت بە درێژایی رێگاکە پابەندی ئەو خێراییە بەرزە بێت و لە رێگاکانی دەرەوەی شاریشدا هەمیشە مەترسی هاتوچۆی ئاژەڵان و چاککردنی رێگاکان رەنگە وابکات توشی روداوی هاتوچۆبین.

 

ئەو کاتە کەمەی بۆ شۆفێر دەگەڕێتەوە، لە بەرامبەر چەندین تێچووی گیانی و ماڵی هەیە:

سەلامەتی
: مەترسیی روداوی هاتوچۆ بەشێوەیەکی نایەکسان لەگەڵ زیادبوونی خێراییدا بەرز دەبێتەوە. خێرایی زیاتر هەم ئەگەری پێکدادان و هەم سەختیی زیانەکان زیاد دەکات.

  • خەرجیی سووتەمەنی و چاککردنەوە: خەرجیی سووتەمەنی و دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لەگەڵ زیادبوونی خێراییدا، بەتایبەت لە سەرووی 80-100 کم/سەعاتەوە، بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. هاوکات تەمەنی تایە، برێک و بزوێنەریش کەم دەکاتەوە.
  • ئاکامە یاسایی و داراییەکان: سزای دارایی، زیان بەرکەوتن بەر ئۆتۆمبێل و بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکە و سزاکانی پۆلیسی هاتوچۆ

    چەند رێنماییەکی پراکتیکی لەبری خێرا لێخوڕین:

لەبری خێرا لێخوڕین، دەتوانیت ئەم رێگایانە بەکاربهێنیت بۆ کورتکردنەوە و کەمکردنەوەی کاتی گەشتەکەت:

  • هەڵبژاردنی کات و رێگای گونجاو: لە کاتێکدا گەشت بکە کە قەرەباڵغی کەمترە و رێگایەک هەڵبژێرە کە خێراترە و کورتترە.
  • کەمکردنەوەی وەستان: تا دەتوانیت لە وەستانی ناپێویست دووربکەوەرەوە.
  • پاراستنی خێراییەکی جێگیر: هەوڵبدە خێراییەکەت لە نزیک سنووری رێپێدراو بهێڵیتەوە و جڵەوی خێرایی (Cruise control) بەکاربهێنە.