هەرێم؛ توشبوویەکی دیکەی تای خوێنبەربوون تۆمارکرا
٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
وەزارەتی تەندروستی هەرێم بڵاویکردوەتەوە، حاڵەتێکی دیکە بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە سنوری هەولێر تۆمارکراوە، کە ژنێکی تەمەن 45 ساڵە و دانیشتووی گوندی هەمزەکۆری سەر بە قەزای قووشتەپەیە و بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی تەندروستی هەرێم توشبوویەکی دیکەی تای خوێنبەربونی لە سنووری هەولێر راگەیاند، وەک ئاماژەیان پێکردوە توشبووەکە دوای سەردانی نەخۆشخانە و گومانلێکردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەکانی رێکاری پێویستی بۆگیراوەتە بەر.
ئاماژەی بەوەشکردوە، توشبوەکە لەئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە و چارەسەر وەردەگرێت و رەوشی تەندروستیشی تا رادەیەک جێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتیانیش دەکات لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ، پێویستە تیمەکانی ڤێتێرنەری ئاگاداربکەنەوە و رێنماییە تەندروستییەکانیش جێبەجێبکەن.



