لە هەنگاوێکی نوێی پزیشکیدا، تیمێکی توێژینەوەی چینی یەکەمین "زمانی دەستکرد"ـیان پەرەپێدا کە توانای جیاکردنەوە و ناسینەوەی تامە جیاوازەکانی هەیە.

توێژینەوەکە لەلایەن "ناوەندی نیشتیمانی بۆ لێکۆڵێنەوە لە زانستی نانۆ و تەکنەلۆژیا" لە چین ئەنجامدراوە. توێژەرانی بەشداربوو دەڵێن، ئەم زمانە دەستکردە دەکرێت لە بواری سەلامەتیی خۆراک و دەستنیشانکردنی ماددە ژەهراوییەکانی نێو خۆراکە جیاوازەکاندا بەکاربهێنرێت.

هاوکات زمانە دەستکردەکە توانای ناسینەوەی تامە بنەڕەتییەکان (شیرین، ترش، سوێر و تاڵ)ـی بە رێژەی %72 بۆ %87 هەیە. لەلایەکی دیکەوە، زمانە دەستکردەکە توانای هەڵسەنگاندن و جیاکردنەوەی تامە بنەڕەتییەکانی نێو خواردنەوەکانی وەک قاوە و کۆکاکۆلای بە رێژەی لە %96 هەبووە.

د. ئەحمەد سەمیر، پسپۆڕی قوڕگ و گوێ و لووت لە نەخۆشخانەی نێودەوڵەتیی مەنسوورییە دەڵێت: "ئەندامە دەستکردەکان، هەرچەندە بە وردی دروست بکرێن، خاوەنی سەرجەم تایبەتمەدییەکانی ئەندامە سروشتییەکانی مرۆڤ نین. زمانی سروشتی ئاڵۆزە و لە ڕێگەی دەمارەکانەوە بەستراوەتەوە بە مێشکەوە؛ بە دیاریکراوی لە ڕێگەی دەماری حەوتەمە کە بەرپرسیارە لە هەستی تامکردن".