لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەریدەخات کە ئەو کەسانەی لە کاتژمێرە درەنگەکانی شەودا مۆبایل بەکاردەهێنن، زۆرجار باری دەروونییان ناسەقامگیرە.
لێکۆڵینەوەکە، کە لە گۆڤاری "ساینتێفیک ریپۆرتس" بڵاوکراوەتەوە و داتای بەکارهێنانی 310 کەسی پێگەیشتووی بۆ پلاتفۆرمی "ئێکس" شیکردووەتەوە، نیشانیداوە کە ئەو کەسانەی لە نێوان کاتژمێر 11ی شەو و 5ی بەیانیدا پۆست دەکەن یان چالاکن لە پلاتفۆرمەکەدا، ناسەقامگیریی دەروونییان تێدا بەدی کراوە، بە بەراورد بەو کەسانەی لە رۆژدا پلاتفۆرمەکە بەکاردەهێنن.
دانیال جۆنسۆن لە زانکۆی "بریستۆڵ"ی بەریتانی، کە لێکۆڵینەوەکەی لەگەڵ توێژەرانی دیکەی هەمان زانکۆ ئەنجامداوە، رایگەیاند: "ئەم ئەنجامانە گومان دەخەنە سەر ئەو سەرقاڵییە سیاسییەی کە هەوڵدەدات کاتی بەکارهێنانی شاشە کەم بکاتەوە، و لە تێگەیشتن لە کاریگەریی سۆشیال میدیا لەسەر تەندروستی دەروونی نزیکمان دەکاتەوە."
جۆنسۆن لە وتارێکدا کە لە پلاتفۆرمی "زە کۆنڤێرسەیشن" بڵاوکراوەتەوە، رونیکردەوە کە کێشەی لێکۆڵینەوەکانی پێشوو ئەوەیە کە تەنها سەرنجیان لەسەر ماوەی بەکارهێنان بووە، ئاماژەی بەوەشدا کە رەفتاری بەکارهێنەر و ئەو پلاتفۆرمەی کە بەکاریدەهێنێت دوو هۆکاری گرنگن بۆ دیاریکردنی ئەنجامەکان.
جۆنسۆن و هاوکارانی پشتیان بە "پێوەری خۆشگوزەرانی دەروونی" بەستووە، کە لە 14 خاڵ پێکدێت و بۆ پێوانەکردنی هەست و کارکردنی کەسەکە بەکاردێت.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە کاتی پۆستکردن لە "تویتەر" پەیوەندی بە خۆشگوزەرانی دەروونییەوە هەیە، هەروەها بۆیان دەرکەوتووە کە خۆشگوزەرانیی دەروونی لەو کەسانەی کە شەوانە چالاکن کەمترە، بە بەراورد بەوانەی کە لە کاتژمێرەکانی رۆژدا پۆست دەکەن.
لێکۆڵینەوەکە ئەوەشی نیشاندا کە پەیوەندیی نێوان کاتی پۆستکردن و نیشانەکانی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی بەهێزتر بووە، بە تایبەتی لە بەشداربووانی بەتەمەنتردا.