وەزارەتی تەندروستی ئۆگەندا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، بەهۆی "تەشەنەسەندن و پەرەسەندنی بەربڵاوی" ڤایرۆسی ئایبۆلا لە وڵاتی دراوسێی، بڕیاری داوە بە شێوەیەکی کاتی سنورەکانی لەگەڵ کۆماری کۆنگۆی دیموکرات دابخات.

دیانا ئاتوین، سکرتێری وەزارەتی تەندروستی ئۆگەندا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا روونکردنەوەی دا، کە لەمەودوا تەنها رێگە بە تێپەڕبوونی تیمی روبەڕوبوونەوەی نەخۆشییەکە، هاوکارییە مرۆییەکان، گواستنەوەی خۆراک و کاڵاکان، لەگەڵ هەندێک لە هێزە ئەمنییەکان دەدرێت، ئەویش لەژێر مەرج و رێکاری زۆر تونددا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کەسێک کە لە کۆماری کۆنگۆی دیموکراتەوە بێتە ناو خاکی ئۆگاندا، بۆ ماوەی 21 رۆژ دەخرێتە ژێر کەرەنتینە و رەوشی گۆشەگیریی تەندروستییەوە، تا دڵنیایی تەواو لە تەندروستیی وەرگیرێت.