جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی "یو ئێس ئەی تودەی" رایگەیاند، دڵنیایە لەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رێگە نادات هیچ جۆرە روبەڕووبوونەوە و شەڕێک لەگەڵ ئێران ببێتە زۆنگاوێکی درێژخایەن، بێئامانج و تاقەتپڕووکێن بۆ هێزەکانی وڵاتەکەی.

جێگرەکەی دۆناڵد ترەمپ، کە خۆی لە پێشوودا لە شەڕی عیراقدا بریندار بووە و یەکێکە لە رەخنەگرە دیارەکانی پێشووی دەستێوەردانە سەربازییەکانی واشنتۆن لە دەرەوەی وڵات، جەختی لەوە کردەوە کە کارزاری ئەمریکا لە بەرانبەر ئێران هەرگیز وەک شەڕەکانی پێشووی عیراق و ئەفغانستانی لێ نایەت.

جەختیکردوەتەوە، زۆر دڵنیایە، کە تا ساڵێکی دیکە هیچ باسێک لە تێوەگلانی سەربازیی ئەمریکا لە ئێراندا نامێنێت و ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای بەردەوامیی دانوستانە بێئاکامەکان، ئەگەر لە کۆتاییدا دیبلۆماسی شکست بهێنێت ئەوا دۆناڵد ترەمپ ئامرازی دیکەی لەبەردەستدایە بۆ مامەڵەکردن.

ناوبراو لە چاوپێکەوتنەکەیدا وتویەتی، ئەرکی سەرەکی ئەوان رێگریکردنە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. و تا ئەم ئامانجەش بپارێزرێت جەنگەکە درێژخایەن نابێت.