لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بڕیارە سبەینێ وەفدێكی وەزارەتی نەوتی عیراق سەردانی هەولێر بكات و بەدواداچوون بۆ بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم بكات.

پەیامنێری كوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، وەفدەكەی وەزارەتی نەوتی عیراق بە ئەندامێتی نوێنەری كۆمپانیای سۆمۆ سەردانی هەولێر دەكات و بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم، بەدواداچوون بۆ بڕی راستەقینەی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان و داهاتەكەی و هەروەها هەنگاوەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتەكە دەكات، دواتر بە راپۆرتێك پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقی دەكات.

ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر بنەمای راپۆرتی كۆتایی ئەو وەفدەی وەزارەتی نەوت، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیار لەسەر ناردنی موچەی مانگەكانی حوزەیران و دواتر دەدات.

بەپێی دوایین رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچە و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، كە بە هەوڵی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان كرا، هەرێم دەبێت مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی و رۆژانە نزیكی 230 هەزار بەرمیل نەوت بداتە حكومەتی عیراق، تاكو لە بەرانبەردا حكومەتی ناوبراو موچە و بودجەی هەرێم بنێرێت.